1. Skip to Menu
  2. Skip to Content
  3. Skip to Footer

داکشانی پووک: هۆکار و چارەسەرەکان

داکشانی پووک ئەو بارەیە کە لێواری پووک لە ملی ددان دووردەکەوێتەوە بە ئاڕاستەی لووتکەی ڕەگی ددانەکە (بۆ ددانەکانی سەرەوە پووک بەرەو سەرەوە دادەکشێت و بۆ ددانەکانی خوارەوە پووک بەرەو خوارەوە دادەکشێت)، بەمەش بەشێک لە ڕەگی ددانەکە یان چەند ددانێک دەردەکەوێت. ئەگەر ئەم بارە چارەسەر نەکرێت ئەوا بەستەرەشانەکانی تری دەوری ددان دادەخورێن و سەرەنجام ددانەکان دەکەونە جوڵە و بە ددان-کێشان کۆتایی دێت.

نیشانەکانی داکشانی پووک: ددانەکە یان ددانەکان درێژ دەردەکەون، هەستیاریی بۆ ساردی و گەرمیی زیاد دەکات، و بۆشایی لەنێوان ددانەکان زیاد دەکات.

هۆکارەکانی داکشانی پووک چیین؟

یەکەم: هەوکردنی پووک و شانەکانی دەوری ددان. بەهۆی بەکتریاوە پووک و بەستەرەشانەکان تێکدەشکێن و پووک دادەکشێت.

دووەم: جینی کەسەکە (هۆکاری بۆماوەیی) هەندێ کەس زۆر زیاتر تووش دەبن لەچاو کەسانی تر. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ٣٠%ی ئەو خەڵکانەی تووشی داکشانی پووک دەبن بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ڕۆژانە چەند بەباشیی بایەخ بە تەندروستیی دەم و ددانیان دەدەن.

سێیەم: فڵچەی زبر و ڕەق و بەکارهێنانی هێزی زۆر. ئەگەر فڵجەکەت ڕەق بێت و هێزی زۆر بەکاربهێنی لەکاتی فڵچە لێدان و بەشێەوەی ئاسۆیی فڵچەی ددانەکەت لە ملی ددانەکەت بخشێنی، ئەوا هەم پووکت دادەکشێت و هەم لە ددانەکانیشت دەخورێت.

چوارەم: کەمتەرخەمی لە بایەخدان. ئەگەر نەخۆشەکە ددانەکانی بە دەزوو و فڵچە و هەویری ددان پاک نەکردەوە ئەوا کلس دروست دەبێت ئەمەش بەکتریا و خواردن زۆر لەخۆی کۆدەکاتەوە و دەبێتە هۆی کۆنتڕۆڵ نەکردنی هەوکردنی پووک و داکشانی پووک.

پێنجەم: گۆڕانی هۆرمۆن. گۆڕانی هۆرمۆن لەکاتی بالغ بوون و دووگیانیی و ساڵانی پاش نائومێدیی وەها لە پووک دەکەن زۆر هەستیار بێت بەرامبەر بە سووتانەوەی پووک بەهۆی بەکتریاوە. لە ئەنجامدا پووک زۆر بە تووندیی دەسووتێتەوە دادەکشێت.

شەشەم: جگەرەکێشان. دووکەڵی جگەرە دەبێتەهۆی ئەوەی کە بەکتریای زیانبەخشی زیاتر لە بنی پووک کۆببنەوە لە لایەک و خوێنی کەمتر بۆ پووک بڕوات لەلایەکی ترەوە. هەردووکیان دەبنەهۆی خێرا داکشانی پووک.

حەوتەم: ددانەجیڕە. ئەمەش بەهۆی ئەو هێزە زۆرەی بەهۆی لێکخشاندنی ددانەکانی سەروو و خواروو بەیەکدا، دەبێتەهۆی داکشانی پووک.

هەشتەم: ناڕێک-ڕیزی ددانەکان. ئەگەر ددانێک خوار هاتبێتەوە، ئەگەر بەرەو دوا وەستا بێت ئەوا وا دەردەکەوێت پووکەکەی داکشابێت. بەڵام زیاتر بەهۆی قەڕەباڵغی ددانەکان بەسەریەکدا، ناکرێت بەئاسانیی ددانەکان لە میکرۆب پاکبکرێنەوە، لەبەر ئەوە بەهۆی هەوکردنەوە خێرا پووکیان دادەکشێت.

نۆیەم: کونکارەی لێو، یان لێوانە. ئەوانەی لێواین کون دەکەن وەک گوێ و خشڵ و زێر و زیو دادەنێن، ئەم خشڵانە لە پووک دەخشێن و پووک دادەکشێت.

دەیەم: خوو: وەک قەڵەم و نینۆک خشاندن بە ددان و پووک.

دەبێت هەموومان ئەو ڕاستییە بزانین کە شانەکانی دەوروبەری ددان (پووک و ئێسک و بەستەرەشانەکانی تر) زۆر تایبەتمەندن واتە هەرکە جاری یەکەم دروست بوو، جارێکی تر توانای دروست  بوونەوەی نامێنێ ئەگەر هاتوو بە هۆی هەر زیانێکەوە فەوتا! وەک هەوکردن. کاتێک کە دەبینین پووک دادەکشێ دووبارە دەبێت ئەوەش بزانین کە ئێسک و بەستەرەشانەکانی دەوری ڕەگی ددانەکە کە ڕەگی ددانەکە دەبەستێتەوە بە ئێسکی ڕاگری ددانەکە هاوکات لەگەڵیدا داخوراوە! وەک دەزانین ئێسک سەرچاوەیەکی باشی خوێن و قەدە خانەیە (قەدە خانە: ئەو خانەیە کە توانای گۆڕینی خۆی هەیە بۆ زۆرێک لە جۆرەکانی تری خانە لەکاتی پێویست) هەروەها بەستەرەشانەکانەی دەوری ددانیش ئەم سیفەتەی ئێسکی هەیە. بەڵام کاتێک ئەم دوو شانە زیندووە دەفەوتێن لەکاتی داکشانی پووک، تەنها ڕەگی ددانەکە دەردەکەوێت! ڕەگی ددانیش هیچ سەرچاوەیەکی زیندووی تێدانییە بۆ ئەوەی کەڵکی لێوەربگیرێت بۆ دروستبوونەوەی ئێسک و پووک بۆ داپۆشینەوەی ڕەگی ددانەکە بە ئێسک و پووکی نوێ!؟

تاکو ئێستا ئەو ڕێگەیانەی دەگیرێنەبەر بۆ چارەسەرکردنی داکشانی پووک زۆر کەمن لەبەر ئەو هۆکارەی کە باسمان کرد. لەبەر قورسی و گرانیی دروستبوونەوەی پووک زیاتر شارەزایانی بواری نەشتەرگەریی و نەخۆشییەکانی پووک ڕێنمایی چڕ و پڕ دەدەن بە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی دووچاری ئەم گرفتە نەبن چونکە چارەسەرکردنی هەندێ باری ئەم داکشانە هەر نییە! 

ڕێنمایی پزیشکی ددان بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە داکشانی پووک:

یەکەم: لە هەنگاوی یەکەمدا پزیشکی ددان نەخۆشەکانی دەوڵەمەند دەکات بە زانیاری دەربارەی هۆکار و نیشانەکانی نەخۆشییەکە ئەمانەش: 

ئەلف: زۆربەی نەخۆشییەکانی ناودەم بێ-ئازارن، واتە هەوکردنی پووک (پووکەسۆ) و کلۆریی ددان ئازاریان نییە بۆیە نەخۆش پشتگوێی دەخات هەتاکو دەگاتە ئاستێ وەک لەقینی ددان و شکانی تاجی ددانەکە لەکاتی نان خواردن. ئەم دوو قۆناغەش چارەسەرکردنیان زۆر زەحمەتە.

بێ: هۆکاری سەرەکی ئەم دوو نەخۆشییە میکرۆبە (بەکتریا)یە، ئەم بەکتریا کەڵەکەبووانەی سەر ددان و بنی پووک بە زۆریی لە ڕەنگی ددان دەچن و نابینرێن، لەئەم کاتەدا پزیشکی ددان دەتوانێت بە دەزووی ددان و کەرەستەکانی تری پشکنین هەر لەسەر خودی ددانی نەخۆشەکە پیشانی نەخۆشەکە بدات. هەروەها دەتوانێت لە ڕێگەی وێنە و ڤیدیۆی فێرکاری دووبارە زانیاریی بدات.

جیم: پاش مردنی بەشێک لەئەم میکرۆبانە، خێرا بەهۆی لیک و ئاوی پووک کانزای وەک کالسیۆم و فۆسفۆر و هتد.. تێدا دەنیشن و کلس دروست دەبێت. کلسی ددانیش زۆر زبر و ڕەقە. لە لایەک میکرۆبی زیاتر لەخۆی دەگرێت، لەلایەکی ترەوە ناهێڵیت بەهۆی فڵچە و دەزووی ددان بەئاسانی ددانەکان پاکبکەینەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی کە بە تووندی لکاوە بە ددانەوە کە تەنها پزیشکی ددان دەتوانێت لێی-بکاتەوە.

دال: لە دوای هۆکارەکان پزیشکی ددان هەڵدەستێت بە زانیاریدان لەسەر نیشانەکانی نەخۆشییەکانی ددان و پووک؛ ئەمەی ئێمە زیاتر لێرەدا باسی دەکەین نیشانەکانی نەخۆشیی پووکە. نیشانەکان: سووربوونە، ئاوسان، خوێن-لێهاتنی پووکە، بۆنی دەم، جووڵە و لەقینی ددان، دروستبوونی بۆشایی لەنێوان ددان، کەم توانینی نان-خواردن واتە جوین، هەستیاریی ددانەکان زیاد دەکات بۆ گەرمیی و ساردیی، ڕەنگە لە هەندێ جێگە لوو و دومەڵ دروست ببێت.

دووەم: لە هەنگاوی دووەمدا پزیشکی ددان ڕێنمایی نەخۆش دەکات لەسەر چۆنێتیی گرنگی دان بە ددانەکانی.

ئەلف: بەکارهێنانی فڵچەی ددان ڕۆژی دوو جار. جۆری فڵچەی ددان و کات ددان شوشتن و شێوازی ددان شوشتن فێری نەخۆش دەکات.

بێ: بەکارهێنانی دەزووی ددان ڕۆژی جارێک بەلای کەمەوە. هەروەها پزیشکی ددان دەبێت نەخۆشەکە فێربکات کە چۆن دەزووی لە ددانەکانی بدات بۆ ئەوەی زۆرترین میکرۆب لێبکاتەوە بەبێ ئەوەی برینداری پووکی بکات.

جیم: هەروەها پزیشکی ددان ڕێنمایی نەخۆش دەکات کە چ کاتێک گرنگە فڵچەی نێوان ددان و گیراوەی دەم-تێوەردەر و چیلکەی ددان و هەندێ ڕێگەی تر بگرێتە بەر بۆ هێشتنەوەی دەم و ددانی بە سەلامەتی.

 

چارەسەری داکشانی پووک: هەموو چارەسەرەکان بە ئاڕاستەی دووبارە بنیاتنانەوەی پووکە، بەڵام کەمجار دەکرێت دووبارە پووک بەدەوری ڕەگی ددانەکە دروست بکرێتەوە.

یەکەم: دەبێت نەخۆش شارەزایی تەواوەتی هەبێت لە چۆنێتی بایەخ دان بە دەم و ددانیی و بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە پووکیان داکشاوە. جگە لە بەکارهێنانی دەزوو و فڵچەی ددان دەبێت فڵچەی نێوان ددانیش بەکاربهێنرێت ئەگەر هاتوو داکشانەکە بۆشایی لە نێوان ددانەکان دروست کرد.

دووەم: بەکارهێنانی فڵچەیەکی نەرم و ڕێک و سەر بچووک لە بری فڵچەی زبر و ڕەق.

سێیەم: سەردانکردنی پزیشکیی ددان ناوبەناو بۆ پاککردنەوەی ددانەکانی لە کلس و پڕکردنەوەی ددانە کلۆربووەکانی.

چوارەم: لەکاتی گۆڕانی هۆرمۆندا دەبێت زیاتر ژنان هوشیاربکرێنەوە لەسەر چۆنێتی بایەخدان بە دەم و ددانیان.

پێنجەم: ئەوانەی مەترسیی نەخۆشیی پووکیان هەیە و جگەرەدەکێشن دەبێت بایەخی زیاتر بە تەندروستیی دەم و ددانیان بدەن و هەوڵبرێت بنێردرێن بۆ سەنتەرەکانی هوشیارکردنەوە و وازهێنان لە جگەرەکێشان.

شەشەم: ئەوانەی ددانە جیڕەیان هەیە دەبێت پاسەوانی شەوانە یان پارێزەری ددانیان بۆ دروستبکرێت. بۆ وازهێنان لەئەم بارە.

حەوتەم: ئەوانەی ددانەکانیان قەرەباڵغ و ناڕێکن دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕی ددان-ڕاستکردنەوە بکەن بۆ ڕاستکردنەوەیان.

هەشتەم: لابردنی خشڵی لێو و هاندانی مناڵان و خەڵكی لە بەکارنەهێنانی قەڵەم و نینۆک کە پووک دادەکشێنن.

نۆیەم: نەشتەرگەریی بۆ وەستاندن و چارەسەرکردنی داکشانی پووک:

ئەلف: ئەگەر نەخۆشەکە قووڵیی نێوان پووک و لێوی تەنک یان کەم بوو دەبێت بە نەشتەرگەریی قوڵبکرێتەوە (ئەم نەشتەرگەرییە کاتێک بە تەنها دەکرێت ئەگەر هاتوو پانایی پووک زۆربێت).

بێ: نەرمەلکاووی لێو و گوپ: دەبێت بە نەشتەرگەریی لێ بکرێنەوە بۆ ئەوەی لێواری پووک ڕانەکێشن و پووک نەکشێت. واتە فشار لەسەر پووک نامێنێت.

جیم: بۆ ئەوانەی کە پووکیان نییە یان مەترسیی داکشانی پووکیان لێدەکرێت، دەبێت پووک لە شوێنی تر وەربگیرێت و لە شوێنە مەترسیدارەکان دابنرێن. بە شێوەیەکی گشتیی پووک لە مەڵاشوو وەردەگیرێت. دەکرێت ئەم نەشتەرگەرییە پێکەوە لەگەڵ قوڵکردنی بۆشایی نێوان پووک و لێو بکرێت.

دال: ئەوانەی پووکیان داکشاوە و ڕەگی ددانەکانیان دەرکەوتووە، ئەگەر پووکی پێویست هەبێت لە سەر ددانەکانی تەنیشتیی ئەوا بە نەشتەرگەریی دەخزێنرێتە سەر ڕەگە دەرکەوتووەکە و دادەپۆشرێت. هەندێ جار پووک لە تەنیشتەلایەکی وەردەگیرێت و هەندێ جار لە هەردوو لاوە دەخزێنرێت.

ها: هەندێ جار داپۆشینی ڕەگەکە ئەستەم و جگە لە داکشان پووکی ئەوتۆ نەماوە بۆ ڕێگەگرتن لە داکشانی زیاتر. پزیشکیی ددان پووک لە مەڵاشوو وەردەگرێت و پانیی پووکەکە لە لێواری داکشانەکە زیاد دەکات بۆ ئەوەی ئەو پووکە ئەستوورە بەرگەی سووتانەوە و فلچە لێدانی بەهێز بگرێ.

واو: هەندێ تەکنیکی تر هەیە بۆ چارەسەرکردنی داکشانی پووک وەک وەرگرتنی بەستەرەشانە لە مەڵاشوو و دانانی لەشوێنی داکشانەکە و هاوکات لێواری پووکەکەشی لەگەڵدا بەرز دەکرێتەوە. دەکرێت شانەی دروستکراویش لە بازاڕەکان بکڕێن و بۆ چارەسەرکردنی داکشانی پووک بەکاربهێنرێن.

حا: ئەوانەی پووکیان لە هەر جواردەوری ددانەکە داکشاوە، هیچ چارەسەرێکی نییە تەنانەت بە نەشتەرگەرییش. چارەسەری ئەمە دروستکردنی پووکی دەستکردە هەر وەک تاقمی ددان چۆن دروست دەکرێت، پووکە دروستکراوەکە بەهۆی بۆشایی نێوان ددانەکان ڕادەگیرێت.

زا: هەندێ جار نەخۆشەکە گرفتی هەستیاریی هەیە بە ساردیی و گەرمیی. لەئەم بارەدا دەبێت ملی ڕەگی ددانەکە پڕبکرێتەوە بۆئەوەی ساردیی و گەرمیی نەگەیەنێت. هەندێ پڕکردنەوەی ددان هەیە رەنگیان پەمەیی یان سوورە لە ڕەنگی پووک دەچن. دەکرێت ئەم ڕەگانە بە پڕکردنەوەی پەمەیی داپۆشرێن.

 

  تایبه‌ت به‌ ماڵپه‌ڕی په‌روه‌رده‌یی پزیشکیی ددان. هیچ که‌س و لایه‌نێک بۆی نییه‌ به‌بێ پرس و ئاماژه‌پێکردنی ماڵپه‌ڕی په‌روه‌رده‌یی پزیشکیی ددان له‌ هیچ ماڵپه‌ڕ و کۆڤارێکی تر بڵاوی بکاته‌وه.   

جومگه‌ی تێمپۆرۆماندیبوله‌ر چییه‌؟ Temporomandibular Joint…

   جومگه‌ی تێمپۆرۆماندیبوله‌ر چییه‌؟ Temporomandibular Joint

 جومگه‌ی تێمپۆرۆماندیبوله‌ر یان جومگه‌ی…

درێژەی بابەت...

ناڕێکیی جومگه‌ی تێمپۆرۆماندیبوله‌ر چییه‌؟ TMJ problems…

superfloss به‌کارهێنانی ده‌زووی پردی ددان…

جۆره‌ ده‌زوویه‌کی ددانه‌ به‌شێوه‌یه‌ک در…

درێژەی بابەت...

ده‌زووی ددان…

 ده‌زووی ددان

پێکهاتووه‌ له گورزێکی ته‌نکی ڕیشاڵی نایل…

درێژەی بابەت...

Prev
Next
  • 1
  • 2

ئێمە لە فەیسبووك